وۆركشۆپەكانی ناوەندی گەشەپێدان بۆ كار (CDC) دەستی بەكارەكانی كرد

Post date: May 07, 2017 6:16:44 PM

بە ئامانجی زیاتر شارەزابوونی خوێندكارانی زانكۆ بۆ چۆنیەتی نوسینی سی ڤی و پەیوەندیكردنیان بە دەزگاكانی كەرتی تایبەتەوە ناوەندی گەشەپێدان بۆ كار، (CDC) بە هاوكاری نوسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەت و رێكخراوی فۆرس وۆركشۆپێكیان رێكخست.

وۆركشۆپەكە ئەمڕۆ لە كاتژمێر 11ی سەر لە بەیانی لە هۆڵی سیمیناری كەمپی كۆلێجە تەكنیكییەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیك دەستی پێكرد، واش بڕیارە نزیكەی هەفتەیەك بەردەوامی هەبێت كە تایبەتە بە خوێندكارانی قۆناغی سێیەمی بەشەكانی زانكۆ، تا بتوانن لە مەشقی هاوینەیاندا سوودی لێببینن و پاشان دوای دەرچوونیان لە زانكۆ وەك ئەزمونێكی گەورە سوود لە زانیارییەكانی نێو وۆركشۆپەكە وەربگرن.

هەژان كەمال شاڵی راهێنەری پیشەی لە ناوەندی گەشەپێدان بۆ كار، باسی لەوەكرد ئامانج لەو ۆركشۆپانە نزیككردنەوەی خوێندكارانە لە كەرتی تایبەت و چۆنیەتی خۆ پێگەیاندنیان لەو بوارەی كە چەند ساڵە لە زانكۆ بۆی دەخوێنن.

وتیشی " لە وۆركشۆپەكاندا بە وردی باس لە رەوشتی كاركردن و ئەتەكێت و چۆنیەتی نوسینی سی ڤی، لەگەڵ بەهێزكردنی توانای خوێندكارەكان دەكەین بۆ چۆنیەتی خۆ ئامادەكردنیان بۆ رۆژی چاوپێكەوتن بەمەبەستی بەدەستهێنانی كار".

لە رۆژی یەكەمدا خوێندكارانی قۆناغی سێیەمی بەشی تەكنیكی میدیا بەشداربوون و بڕیارە رۆژانی دواتر خوێندكارانی بەشەكانی دیكە تێیدا بەشدار بن.

وەك رێكخەرانی وۆركشۆپەكە هێمایان بۆ دەكرد، مەبەستیانە لەو ماوەی بۆیان دانراوە بەرچاو روونی و شارەزایی تەواو بە خوێندكاران بدەن، هەروەك دەشیانەوێت ببنە پردێك بۆ پەیوەندی نێوان دەرچوانی زانكۆ و كەرتی تایبەت تا هەردوولایان بتوانن سوود لە یەكتری وەربگرن.

ناوەندی گەشەپێدان بۆ كار (CDC)لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ماوەی دوو ساڵە دامەزراوەو ناوەندێكە خوێندكاران و دەرچووانی زانكۆ تێیدا گەشە دەدەن بە شارەزایی و تواناكانیان بۆ كار.

- هۆبەی راگەیاندن و چالاكییە گشتییەكانی كەمپی كۆلێجە تەكنیكییەكان